موچەی کرێکارانی پاکەرەوەی چەمچەماڵ گەیشت

964+

هۆگر عەدنان-چەمچەماڵ

کرێکارانی پاککەرەوەی شەقامەکانی چەمچەماڵ، لەبەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان هەڕەشەی مانگرتنیان کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئێوارە موچەکانیان گەیشت.

ئەو کرێکارانە لە مانگی شوباتەوە چاوەڕێی موچەکەیانن، ماوەی 44 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، بەوتەی ئەو کرێکارانەی قسەیان بۆ کردووین، هەیانە دوچاری گرفتی خێزانی بووە.

جومعە فاتیح لێپرسراوی کۆمپانیای شکار، بە 964ی وت “بڕێک پارە گەیشتۆتە کۆمپانیاکەمان، بڕیارە رۆژی شەممە موچەی مانگی ئازار بدەینە کرێکارەکان”.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای شکار، ئەو پارەیەی هاتووە کەمە، بەشی تەواوی پێداویستی کۆمپانیاکە ناکات.

جومعە فاتیح، ئەوەشی وت “بۆ مانگی ئادار دەتوانین موچەی کرێکارەکان دابین بکەین، بەڵام ناتوانین پارەی گاز و چاکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانمان و خەرجیەکانی دیکەمان دابین بکەین، چونکە هەموو مانگێک بڕی 20 بۆ 25 هەزار لیتر گازمان پێویستە، پارەی گازی مانگی پێشومان نەداوە و قەرزە لەسەرمان”.

بەوتەی بەرپرسانی کۆمپانیای شکار، ماوەیەک بەر لە ئێستا ئیدارەی یەکێتی بڕێک پارەی داوە بە کۆمپانیاکە بۆ راییکردنی کاری پاککردنەوە تا وەزارەتی دارایی پارەیان بۆ سەرف دەکات، بەڵام بەرپرسانی کۆمپانیا دەڵێن ئیستا ئیدارەی یەکێتی ئەو هاوکاریەی کەمکردوەتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی