964+
بارانەکەی دوێنێ ئاوی هەولێری بڕی
964+
هێرۆ مەولودی
بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی دوو رۆژە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، شەش پڕۆژەی ئاو بەهۆی لێڵبوونی ئاستی ئاوەکەیان وەستاون، بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەرێم تا 48 کاتژمێری دیکە شاری هەولێر بێ ئاو دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەستانی بەردانەوەی ئاوی لە شەش پڕۆژە راگەیاند.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم، بۆ 964 وتی “ئاوی پڕۆژەکانی ئیفراز یەک و دوو و سێ لە کاتژمێر 6ی ئەم بەیانییە بەهۆی بارانەوە لێڵ بوونە، بەجۆرێک 10 هێندەی ئاستی ئاسایی ئاوەکە گۆڕاوە و ناتوانین ئاو بەربدەینەوە بۆ خەڵک”.
ئاری ئەحمەد ئەوەش دەڵێت: ئاستی ئاسایی لێڵبوونی ئاو دوو هەزارە، بەڵام ئێستا ئەوەی هەیە ئاستی لێڵبوونی ئاوی هەولێر گەیشتووەتە 23 هەزار، بەم هۆیەوە جگە لە وەستانی پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز، هەریەکە لە پڕۆژەکانی ئاوی ئامێدی، کۆیە و قەندیل وەستاون.
بەوتەی بەڕێوەبەری ئاو، 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو ئاستی ئەو لێڵییە ناگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە پارێزگای هەولێر 27.1 ملیم باران باریوە، لە پارێزگای دهۆک 30.4 ملیم و لە پارێزگای سلێمانی 90.3 ملیم و لە پارێزگای کەرکوک 11.8 و لە پارێزگای هەڵەبجە 49.7 ملیم باران باریوە.