رەمەزان خەریکە تەواو دەبێت و هێلکەکەی بەغدا هەر نەهات

+964

ئاودێرعومەر – سلێمانی

پێش مانگی رەمەزان بڕیار درا بۆ بەشە خۆراکی مانگی ئاداری ئه‌مساڵ، كه‌ هاوكات مانگی ره‌مه‌زانیشه‌، حکومەتی عێراق چوار مادە زیاد بکات، یەکێک لەوانە بۆ هەر خێزانێک تەبەقێک هێلکە بوو، بەڵام تا ئێستا دابەش نەکراوە.

شەوکەت محەمەد، بەڕێوبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی بە 964 ی وت، “بڕیار بوو چوار مادە زیاد بکرێت بۆ بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان وەک ئاردی سفر، نیشاستە، هێلکە، شه‌عریه‌، ئەوەی بەدەستمان گەیشتووە ئاردی سفر و نیشاستەکەیە و دابه‌شمان كردووه‌”.

وتیشی، “سەبارەت بە هێلکە و شعریەکە، ئێمەش تائێستا چاوەڕێین حکومەتی عێراق، بۆمان بنێرێت و دابەشی بکەین”.

ئەوەی من ئاگادارم، لە ناوچه‌كه‌ی دیكه‌ی عێراقیش لە سەدا 15 بۆ 20ی بایەعەکان هەر چوار مادەکەیان وەرگرتووە، بەڵام هەرێمی کوردستان هێلکە و شه‌عریه‌ی بەدەستنەگەیشتووە، تا ئێستا پێشیان نەوتووین کەی بۆمان دەنێرن”، شەوکەت محەمەد وای وت

تۆری 964 ده‌زانێت، له‌ هه‌ولێر ئاردی سفر، نیشاسته‌ و شه‌عریه‌ دابه‌شكراون، به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ی سلێمانی، هێلكه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ دابه‌شكردن، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ 22ی مانگی ره‌مه‌زانه‌ و خه‌ریكه‌ مانگه‌كه‌ كۆتایی دێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا