“ئەمڕۆش بارانی بەلێزمە دەبارێت”
+964
ئاودێر عومەر- سلێمانی
به‌ڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆش له دوای نیوه‌ڕۆوه بارانی به‌هاری ده‌بارێت و كه‌شی باران تا سبه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، رێژه‌ی بارانبارینیش تا ئێستا نزیكه‌ی دوو هێنده‌ی ساڵی رابردووه.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه 13.4.2023 بۆ تۆڕی 964 وتی: “ئاسمان نیمچەهەوردەبێت، پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆدا دەگۆڕێت بۆ هەور و ئەگەری بارانبارینمان دەبێت لە دوای نیوەڕۆدا بە شێوەی ناوبەناو، هەندێک كاتیش بە لێزمەباران و بارانێکی بەهاری دەبێت”.
وتیشی، تا درەنگانێکی ئێوارەی سبەینێ هەینی ئەم کەشە بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی پێدێت، رۆژی شەممە پێشبینیی ده‌كرێت کەشوهەوا جێگیر بێتەوە و پلەکانی گەرما بەرزببنەوە.
سه‌باره‌ت به پله‌كانی گه‌رمی ئه‌مڕۆ، رایگه‌یاند، پلەکانی گەرما لە نزمیی دەمێنێتەوە، نزمترین هەشت پلە دەبێت و بەرزترین پلە 20 پلە دەبێت.
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد، لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە سەنتەری شاری سلێمانی تا ئێستا 90 ملیم باران باریوە، کۆی گشتی بارانبارین لەم ساڵدا 699 ملیم بووه، كه ساڵی پار تا ئەم کاتە 378 ملیم باران باری.
دوێنێ چوارشه‌ممه شه‌پۆڵێكی باران رووی له هه‌رێمی كوردستان كرد و له هه‌موو ناوچه‌كان بارانی به‌لێزمه باریوه، له هه‌ندێك شوێنێش لافاوی دروست كردووه و زیانی به خه‌ڵك و به كشتوكاڵیش گه‌یاندووه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا