پەروەردەی دهۆک: لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین

لە بەردەڕەش.. بەڕێوەبەرێک بە توندی لە قوتابیەک دەدات

964+

پەیامنێرانی دهۆک

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی بەردەڕەش بەتوندی لە قوتابیەک دەدات، مامی قوتابییەکە دەڵێت: داوامان لێکراوە لە مامۆستاکە خۆش بین.

رووداوی لێدان لە زەکەریا تەحسین، قوتابی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لەلایەن بەڕێوەبەرەی قوتابخانەکەی، کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 11.4.2023 بووە.

رووداوەکە لەوێوە روویداوە کە زەکەریا تەحسین، لەگەڵ قوتابیەکی دیکە دەبێتە شەڕیان، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش هەردووکیان دەباتە ئیدارەی قوتابخانە و بە توندی لێیان دەدات.

رووداوەکە دەگاتە پەروەردەی بەردەڕەش و هەوڵی ئاشتەوایی لەنێوان خانەوادەی قوتابیەکە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دراوە، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبووە.

تەها محەمەد ئەمین، مامی زەکەریا، ئەو زانیارییەی بە 964 داوە، ئەوەشی باسکرد “باوک و برای زەکەریا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بەدەردەرەشیان کردووە، بەڕێوەبەری پەروەردە داوای لێکردوون لە مامۆستا رەمەزان بەڕێوەبەری قوتابخانەکە خۆش ببن، تا ئێستا ئێمە سکاڵامان لەسەر ئەو بەڕێوەبەرە تۆمار نەکردووە، بەڵام لێی خۆش نابین”.

وەک 964 زانیویەتی، زەکەریا تەحسین، قوتابی پۆڵی شەشەمی بنەڕەتیە، پێشتریش چەندجارێک بۆ ماوەی سێ رۆژ فەسڵ کراوە.

مامۆستا ئاراز، یاریدەدەری بەڕێوبەری قوتابخانەی خێڵەکی لە قەزای بەردەڕەش، رووداوەکەی بۆ 964ـی پشتراستکردەوە.

964 لەسەر رووداوەکە پەیوەندی بە ئەحمەد زوبێر، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتی دهۆک کرد، ئەو دەڵێت: ئاگاداری ئەو حاڵەتە نین و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق