ئەو فۆڕمەی خۆراک کە لە ئێستادا کاریپێدەکرێت. فۆتۆ/سۆشیاڵ میدیا
فۆڕمەکە دەبێتە کارت
لە دهۆک و هەولێر بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک دەستیپێکردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
حکومەتی عێراق پرۆسەى دەرکردنى کۆبۆنى ئەلیکترۆنى خۆراکی دەستپێکرد، بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێمیش دەڵێت، لە کوردستانیش دەستیپێکردووە و جێگرەوەى کۆبۆنى پێشوو دەبێت کە بە شێوەى کاغەز بوو.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ی راگەیاند، لە دهۆک بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک دەستیپێکردووە و لە هەولێریش چەند کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو مەبەستە کراوە.
“فۆڕمە کاغەزەکە دەبێت بە کارت و کۆبۆنێکی خاوێن دەبێت، زانیاری تەواوی خێزانەکەی تێدا دەبێت و هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە منداڵەکانیان زیاد بکەن و پێویست بە رۆتینات ناکات،” بەڕێوەبەری بازرگانی وای وت.
964 زانیویەتی ئێستا لە دهۆک و هەولێر دەستکراوە بە راهێنانی بریکارەکانی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی، بۆ ئەوەی لەگەڵ سیستمە نوێیەکە خۆیان بگونجێنن.
رۆژی یەکشەممە، ئەسیر غورەیری وەزیری بازرگانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراکی لە سەرتاسەری عێراق راگەیاند.