ژینێ ئەتروشی دژی شێرپەنجە بۆ خەونەکانی دەجەنگێت

پەرستۆ ساڵح-لایف ستایڵ

ژینێ ئەتروشی، لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە و سەختی بارودۆخەکەی، بە نیازی کاری هونەری نوێیە و وەک خۆی دەڵێت دەجەنگێت بۆ خەونەکانی.

ژینێ ئەتروشی، وێنەیەکی خۆی لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی بڵاو کردووەتەوە کە خوێنی لە لوتی دێت، دەڵێت “ئەمە بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی من، هەموو ڕۆژێک ئەمە ڕوودەدات، بەڵام دەجەنگم لەپێناو ئامانجەکانم، داهاتووم، خەونەکانم، تۆش هەرگیز خۆت بە دەستەوە نەدەیت، هەرگیز..”.

ژینێ ئەتروشی، تەمەنی ٢٤ ساڵەو خەڵکی شاری دهۆکەو لە وڵاتی نەرویج ژیاوە بەڵام ئێستا لە کوردستان دەژی.

نەخۆشی شێرپەنجە، ژینێ ئەتروشی لە کاری هونەری دوور نەخستووەتەوەو، وابڕیارە لەگەڵ هەردوو هونەرمەند ئەفشین شوکری و هەردی سەلامی دوو بەرهەمی نوێی هەبێت و بەمنزیکانە بڵاویبکاتەوە.

ژینێ ئەتروشی، ئێستا لەگەڵ کچە تاقانەکەی دەژی و لەگەڵ هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە، جگە لە کاری هونەری، لە بواری دیزاین و فاشیۆن دەخوێنێت.

ئەو هونەرمەندە، دوای تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە ئێستا لەگەڵ چەند رێکخراوێک کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشداری تەندروستی دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجە و چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی نەخۆشییەکە.