پاریس ده‌ستبه‌رداری مێسی نابێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

راپۆرتێکی رۆژنامەوانی له‌ ئیسپانیا پشتڕاستی کردەوە، پاریس سانجێرمان دەستبەرداری دۆسیه‌ی نوێکردنەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی نەبووە، هه‌رچه‌نده‌ یاریزانه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو یه‌كه‌م ئۆفه‌ری بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

لیۆنێل مێسی هاوینی ئه‌مساڵ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت، به‌ڵام یانه‌كه‌ی ئاماده‌ نییه‌ ده‌ستبه‌رداری ببێت.

بە گوێرەی رۆژنامەی “سپۆرت”ی کەتەلۆنی، پاریس له‌ بابه‌تی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی، خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌ و بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ ئۆفەرێکی نوێی بەهێزی پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەی رازیی بکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

سه‌رچاوه‌كە ئاماژەی بەوە کردووە، سانجێرمان بە باشی ئاگاداری خواستی مێسییە بۆ گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا، بەتایبەتی دوای تێکچوونی ئەم دواییەی تیپەکە و ئاڵۆزیی پەیوەندی لەگەڵ هاندەران و شکستی خەونی گەیشتن بە نازناوی چامپیۆنزلیگ.

پێده‌چێت پەیامە بەردەوامەکانی بارسێلۆنا سەبارەت بە خواستی گەڕاندنه‌وه‌ی مێسی بۆ ریزه‌كانی، هه‌روه‌ها کەشوهەوای ناو یانه‌ی سانجێرمان، وای كردبێت یانه‌كه‌ یارپیس خێراتر هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی گرێبەستی لیۆ نوێ بکاتەوە.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ناسڕ خلێفیی سه‌رۆكی یانه‌كه‌، بڕیاریداوه‌ خۆی سه‌رپه‌رشتی گفتوگۆیه‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی مێسی بكات و به‌ مانه‌وه‌ رازیی بكات.