لە سێ مانگدا 9 ملیۆن دەنکە حەب دەستی بەسەردا گیراوە

پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ 1000 ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت

964+

فەرمان سادق

وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ 1000 ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتەکەی بكات.

ئەنجامدانی پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ، بەشێکە لەو دۆسیەی کە وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق دەستی داوەتێ.

یەکەم کەس کە ناچار کراوە ئەو پشکنینە ئەنجامبدات بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی مادی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانی حکومەتی عێراقە.

حسێن یوسف تەمیمی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق دەڵێت: وەزیری ناوخۆ دۆسیەیەکی تایبەتی بە مادەی هۆشبەر کردووەتەوە کە بەشێک لە دۆسیەکە پشکنینێکی ناچارییە.

حسێن یوسف، لە بەرنامەی “واجب الصراحە”ـی کەناڵی ئیخبارییەی عێراقییە ئاماژەی بەوەشداوە کە 1000 ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ، لە سەرووی هەموویانەوە بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر ناچار کراون ئەو پشکنینە بکەن.

لە بەرنامەکەدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 9 ملیۆن دەنکە حەب کە مادەی هۆشبەری تێدابووە دەستی بەسەرداگیراوە.