ترەمپ بە فەرمی خۆی کاندید کردەوە
+964
هێمن بەکر – هەولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی تر خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لە ٢٠٢٤ کاندیدکردەوە، بە دروشمی “ئێمە دەبێت وڵاتەکەمان بپارێزین”.
ئەوە سێیەمجارە ئەو پیاوە خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید دەکات، ٢٠١٦ و ٢٠٢٠ دوو جارەکەی تر بوو، یەکەمیان دەرچوو، دووەمیان شکستی خوارد.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپ ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠، زۆرترین قسەی لەبارەوە کرا بەراورد بە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، بەوە ناسرابوو رەفتاری سەرنجڕاکێش ئەنجامدەدات، لە هەژماری تویتەرەکەیەوە ئەوەندە خەریکی پۆستکردن بوو، تاوەکو لێی داخرا.
لە ساڵی ٢٠١٩ کاتێک سوپای تورکیا هێرشیکردە سەر رۆژئاوای کوردستان، لە تویتەر قسەی زۆری کرد لەبارەی کوردەکان.
ئەوکاتە فشارێکی جیهانی هەبوو بۆ پشتگیریکردنی کوردانی رۆژئاوا، دۆناڵد ترەمپ، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی هاوکاری کوردەکان ناکەن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی وتی، “ئەی بۆچی کوردەکان هاوکاری ئێمەیان نەکرد لە [جەنگی] نۆرماندی”، لەکاتێکدا ئەو جەنگە لە ساڵی ١٩٤٤ لە ناوچەیەکی فەرەنسا روویداوە.
لەبارەی ئەوەی کێ رکابەری ترەمپ دەبێت لە پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا دیار نییە، چونکە جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە، بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی رانەگەیاندووە.
ترەمپ لەسەر پارتی کۆمارییەکان هەژمار نەکراوە، چونکە سەربەخۆ خۆی کاندیدکردووە.
بە قسەی شارەزایان، هەر ئەوەی هێشتا دوو ساڵی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان و کاندیدبوونی خۆی راگەیاندووە، بۆ ئەوەیە بەهێزتر دەربکەوێت لە ئەگەری کاندیدکردنی کەسێکی دیکە لەلایەن پارتی کۆمارییەکانەوە.
لە چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ لەسەر پارتی کۆمارییەکان هەژماربوو.
بڕیارە لە رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بکرێت بۆ ٤٧ەمین سەرۆکی ئەمریکا.