سەرچاوەیەکی نزیک لە مەزڵوم کۆبانی بۆ 964: ئێمە سەلامەتین
دیسکی کوردی
سەرچاوەیەکی نزیک لە مەزڵوم کۆبانی بە 964ی وت، ئەوان سەلامەتن، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، گوایە ئەو دوکەڵەی لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بەرزدەبووەوە پاشماوەی بۆردوومانی درۆن بووە بۆ سەر مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئەو سەرچاوەیە زانیاری دیکەی نەدرکاند بەوەی ئایا مەزڵوم کۆبانی و ستافەکەی لە شاری سلێمانی بوون یان نا، تەنیا وتی “ئێمە سەلامەتین”.
ئێوارەی ئەمڕۆ 964 یەکەم میدیا بوو لە کوردستان و جیهان کە دیمەنی دوکەڵەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکردەوە
هەر لە کاتی بەرزبوونەوەی دوکەڵەکە پەیامنێری 964 چووە نزیکی فڕۆکەخانە و پرسیاری کرد، چەند میوەفرۆشێک لەوێ بوون، هەندێکیان وتیان گوێیان لە دەنگی بەرز و ناڵە هەبووە، هەندێکیان رەتیانکردەوە.
لە ڤیدیۆکەی 964دا، دوکەڵ دەردەکەوێت لە نزیکی فڕۆکەخانەکەی سلێمانی، دوای سۆراغکردن نەتوانرا سەربەخۆ ساغبکرێتەوە کە ئایا هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە پێی وتین، ئاگاداری هیچ جۆرە تەقینەوە یان بۆردوومانێک نییە.
دواتر پەیوەندیمان کرد بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەویش باسی لەوە کرد کە ئاگادار نییە و “رەنگە گژوگیایان سووتاندبێت”.
بەڵام نزیکی بەربانگ، ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، “ئێوارەی 7.4.2023، كاتژمێر 4:18 خولەك، لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و مادی نەبوو، تەقینەوەکە بووە هۆی ئاگركەوتنەوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد”.
ئاسایش جۆر و هۆکار و چۆنێتی تەقینەوەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام دەڵێت خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن.