خزمەتگوزاری گووگڵ لێنز کارا کرا

کامێرای مۆبایلەکەت بەرامبەر نوسینێک رابگرە و دەیکات بە کوردی

964+

فەهمی نەبی

کۆمپانیای گووگڵ زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی بۆ خزمەتگوزاری Google Lens چالاککرد، لەمەوبەدوا بەکارهێنەرانی کورد دەتوانن راستەوخۆ لە زمانی ترەوە نوسین وەربگێرنە سەر زمانی کوردی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 8.4.2023 کۆمپانیای گووگڵ خزمەتگوزاری گووگڵ لێنزی، بۆ بەکارهێنەرانی زمانی کوردی کارا کرد.

لەمەوبەدوا بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی گووگڵ لێنز، کامێرای مۆبایلەکەیان لەبەرامبەر لاپەڕەی کاغەزێک یان نوسینی سەر دیوارێک رابگرن، ئەگەر بەهەر زمانێک بێت راستەوخۆ بۆت وەردەگێڕیتە سەر زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی.

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کاودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: لە ساڵی پارەوە گۆڕینەوەی ئیمێڵ لە نێوان ئێمە و کۆمپانیای گووگڵ هەیە بۆ زیادکردنی خزمەتگوزاری گووگڵ لێنز، بەپێی ئەو داتایانەی بۆ گووگڵ زیادکراوە دەتوانرێت %40 پشتبەستوو بیت، ئەو %60-ەی دەمێنێتەوە گووگڵ خۆی بە زیرەکی دەستکرد وەڵامت بۆ دەستەبەر دەکات.

زیادکردنی خزمەتگوزاری گووگڵ لێنز لە کاتێکدایە، لە 11.5.2022 وەرگێڕان بۆ نوسینێک کە خۆت دەینوسی لە گووگڵ راگەیەنرا بوو.

بەپێی ئەو خزمەتگوزاریەی ئێستا بەردەستە، گووگڵ لێنز تەنیا نوسینت بۆ وەرناگێڕێ، بەڵکو دەتوانیت وێنەیەک نوسینی لەسەرە و دوای ئەپڵۆدکردنی بیخەیتە سەر کامێراکە راستەوخۆ بۆت وەردەگێڕێت.

بۆکان جاف ئەوەشی وت، ئەو 24 زمانەی ساڵی پار زیادکرا بۆ وەرگێڕانی گووگڵ، زمانی کوردی سۆرانی لە هەموویان دەوڵەمەندتر بوو، زمانی عەرەبی چەندین ساڵ بەر لە زمانی کوردی لە گووگڵ کارا کراوە کەچی هێشتا کەموکوڕی هەیە، ئەوەش دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیک چەندین هەواڵی نوێ دەبیستن بۆ وەرگێڕانی دەنگ.

بە وتەی بۆکان جاف، بۆ کارا کردنی ئەم خزمەتگوزاریە، پێویستە گووگڵ ترانسلێت ئەپدەیت بکەیتەوە.

کۆمپانیای گووگڵ بۆ بوارەکانی وەرگێڕان، کاری بۆ 133 زمان کردووە، ئەمەش بەو واتایە دێت لەمەوبەدوا بەکارهێنەرانی کورد دەتوانن لە 133 زمانەوە نوسینی سەر دیوار و کتێب یان هەر شتێکی تر وەربگێڕنە سەر زمانی کوردی.