پارەى زۆر بۆ هاوبەشان گەڕاوەتەوە

کارەبای دهۆک کێشەی نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی چارەسەر دەکات

964+
سیداد حەبیب- دهۆک

ئەمڕۆ سێشەممە، حازم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دهۆک، لە نزیکەوە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ رەوشی کارەبا و کێشەی بەرزی نرخی کارەبای پڕۆژەى رووناکى کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی زۆری بڕی پارەی کارەباوە گازندەی زۆریان هەبوو و چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دهۆک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 رایگەیاند: “چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستەمی کارەباکەدا هەبووە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە ئێستادا تیمەکانمان بەردەوامن لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو کێشە تەکنیکییانە بۆ ئەوەی چیتر دووبارە نەبنەوە.”

سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی بڕێکی زۆر پارەی کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە و توانای دانەوەیان نییە، حازم محەمەد مژدەی پێدان و وتی: “بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر شانی خەڵک دروست نەبێت، بڕیارمانداوە ئەو کەسانەی پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە دەتوانن بە شێوەی ‘قیست’ پارەکە بدەنەوە.”
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بەو ماڵانەی کە کارەبایان بڕدراوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت هاووڵاتییان پارەی مانگی دوو بدەن، تەنیا بەو مەرجە کارەبای بڕدراویان بۆ دەگەڕێتەوە.
ئەم بەدواداچوونەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا دوای فشاری بەردەوامی هاووڵاتییان دێت کە داوایان دەکرد سنوورێک بۆ گرانیی نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی دابنرێت کە ببووە بارگرانییەکی گەورە لەسەر بژێوی ژیانیان

پێداچوونەوە: وریا فەتاح