دەستەی ئامار و گەشتوگوزار کارەکە دەکەن
لە هەرێم رووپێوی بۆ سەرجەم پڕۆسەی گەشتیاری دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دەستەی گەشتوگوزار دەیەوێت رووپێوی بۆ هەموو بوارەکانی کەرتەکەی لە هەرێم ئەنجامبدات. بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ دەستەی ئامار لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کردووە.
دەستەکە لە بەرنامەیدایە بزانێت ساڵانە بە دیاریکراوی چەند گەشتیار سەردانی هەرێم دەکەن، چەند رۆژ دەمێننەوە، چەند پارە خەرج دەکەن و هەروەها چەند شوێنی گەشتیاری لە هەرێمدا هەن و کەرتەکەش چەند دەستی کاری هەیە.
ساڵی 2022 شەش ملیۆن و 39 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ تۆڕی 964ـی ئاشکرا کرد، کەرتی گەشتیاری بە رووپێوی و بەردەستبوونی ئامارەکان باشتر گەشەی پێدەدرێت و فراوانتر دەکرێت.
وتیشی، “ئێستا لیژنە لەنێوان ئێمە و دەستەی ئامار پێکهێندراوە بۆ دەستکردن بە ئیشەکان و ئامادەکردنی ئامار بۆ سەرجەم پڕۆسەی گەشتیاری لە کوردستان”.