پێشانگای ئۆتۆمبێل

لە چوار مانگدا ئۆتۆمبێلەکەت نەفرۆشی سزا دەدرێی

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەر ئۆتۆمبێلێک بهێندرێتە هەرێمی کوردستان، دەبێت لە ماوەی چوار مانگدا تۆمار بکرێت، بە بڕیاری هاتوچۆی هەرێم، ئەمەش بەشێک لە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نیگەران کردووە.

عەمید محەمەد روشدی، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە میدیازانی راگەیاند، ئامانج لە بڕیارەکە لە لایەک بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە، لە لایەکی تریش بە مەبەستی زیادکردنی داهات و رێکخستنەوەی باجە.

بەپێی ئاماری هاتوچۆ، ساڵانە لەنێوان ١١٠ بۆ ١٢٠ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم دەکرێت و لە پێشانگاکان دادەندرێن.

پێشتر رێنماییەکە بە جۆرێک بوو، لەوکاتەی ئۆتۆمبێلە تازەکە دەفرۆشرا، دەبوو تاوەکو ٦٠ رۆژی دواتر تۆماربکرایە.

بەپێی بڕیارەکەی ئێستا، ئەگەر تەنانەت نەفرۆشرابێت، هەر دەبێت دوای ١٢٠ رۆژ تۆمار بکرێت لەسەر خاوەن کۆمپانیاکە، یان دەبێت مانگی ٣٠ هەزار دینار سزا بدرێت.

ئەم بڕیارە جێگەی دڵخۆشی ئەو ٥٥٠ کۆمپانیایە نییە، کە لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێل هاوردە دەکەن.

تاڵیب مەحموود، خاوەنی کۆمپانیای بیتوێن سپۆرت بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بە میدیازانی وت، “ئەو بڕیارە بارگرانییەکی زۆر لەسەر ئێمە دروست دەکات”.

بە قسەی تاڵیب، ئەوان هاوردەیان بۆ کەمتر لە نیوە کەمکردووەتەوە، چونکە ئۆتۆمبێلیان هەبووە کە بە ماوەی ساڵێکیش نەفرۆشراوە.