رۆناڵدۆ دوای مۆندیال پەیوەندی بە سپۆرتینگ لشبۆنە دەکات

“بە رەخنەبارانەوە یونایتد جێدەهێڵێت”

میدیازان – ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – دێسكی هه‌ولێر

چاوەڕوان دەکرێت دوای مۆندیالی قەتەڕ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی مانچێستەر یونایتد جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە پۆرتوگال و پەیوەندی بە یانەی سپۆرتینگ لشبۆنەوه‌ بکات.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا رەخنەی زۆر لە ئیدارە و راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەگرێت، بە ئاماژەش دەرگای گەڕانەوەو پەیوەندی کردنی بە یانەی سپۆرتینگ لشبۆنە دەکاتەوە.

رۆناڵدۆ، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانی ناوداری به‌ریتانی پێرس مۆرگان، كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی و دووسبه‌ی به‌ ته‌واوی بڵاو بكرێته‌وه‌، ره‌خنه‌ی توندی له‌ یانه‌كه‌ی و تێن هاگی راهێنه‌ری مان یونایتد گرت.

بەشێک لە دیمانەکە دزەی کردووەو بڵاو کراوەتەوە، ماڵپەڕی “ساپۆ سپۆرت”ـی پۆرتوگالی ئاشکرای کردووە، رۆناڵدۆ هەر لەگەڵ کۆتایی هاتنی مۆندیالی ٢٠٢٢ دەگەڕێتەوە بۆ پۆرتوگال.

ساپۆ سپۆرت، لەبارەی گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ پۆرتوگال، پشت بەوە دەبەستێت کە یاریزانە نێودەوڵەتییەكه‌ی پۆرتوگال منداڵەکانی بۆ خوێندن لە قوتابخانەی سانت جولیان لە ناوچەی کارکاڤێلۆس ناونووس كردووه‌، هه‌روه‌ها کۆشکێکیشی لە ناوچەی كاشكایش کڕیوە، کە هەردوو ناوچە دەکەونە شاری لشبۆنە، لە ئێستادا هەندێک کرێکاری بەکرێ گرتووە، بۆ ئەوەی ماڵه‌ نوێیه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن.

ساپۆ سپۆرت، لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا داهاتووی رۆناڵدۆ دیار نیە، بەڵام ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پۆرتوگال و ‌پەیوه‌ندی کردنی به‌ یانه‌ی سپۆرتینگ لیشبۆنە هه‌یه‌، لەگەڵ ئەوەی خواستی دایکی بووە، هەروەها رۆناڵدۆ پێشتر خۆیشی دانی به‌وه‌ داناوه‌، ده‌یه‌وێت دواوێستگه‌ی یاریكردنی له‌ یانه‌ی سپۆرتینگ بێت، کە یانەی دەرکەوتن و دەرەشانەوەی بە ئەستێرە بوونی بوو.

کاپتنی پۆرتوگال، لە دوو یاریی رابردووی مان یونایتد راهێنەر لەسەر کورسی یەدەگ داینا و یاریی پێ نەکرد.

بەشێکی چاوپێکەوتنەکە کە كورته‌یه‌كی لێ بلاوکراوەتەوە، رۆناڵدۆ به‌ ئاشكرا رایگه‌یاند، رێز له‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی ناگرێت، چونكه‌ ئه‌ویش رێزی ناگرێت، هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد کە یانه‌كه‌ی خیانه‌تیان لێكردووه‌.

جێی سەرنجە رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا لەگەڵ شەیتانە سوورەکان بەشداری 16 یاری کردووە و تەنیا 3 گۆڵی تۆمارکردووە، له‌ كاتێكدا وەرزی رابردوو، كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ تیپه‌كه‌، لە 38 یاریدا 24 گۆڵی تۆمارکرد.