سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان؛ بە بیرۆکەو فۆڕمی نوێ دەگەڕێمەوە
“پێشڕه‌وی شانۆی هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێته‌وه مه‌یدان”
میدیازان – ئەرسەلان عەبدوڵلا – دیسکی هەولێر
سەباح عەبدولڕەحمان، فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی شانۆی هه‌ولێر دەکاتە دەرفەتی گەڕانەوە و، بە شانۆی رووته و سه‌گ و به‌گ دەگەڕێتەوە.
سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، هونەرمەندو، دەرهێنەرو، نووسەرو، شانۆکار دوای ١٥ ساڵ دابڕان لە کاری هونەری، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو بە نمایش‌کردنی شانۆگەری رووته و سه‌گ و به‌گ، وەک میوان بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر بکات.
هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان، لەبارەی گەڕانەوەی بۆ سەر تەختی شانۆ بە میدیازانی راگه‌یاند، دوای دابڕانێكی زۆر بڕیارمدا به بیرۆكه و فۆڕمێكی تازه‌ی كاری شانۆیی بگه‌ڕێمه‌وه، فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی شانۆی هه‌ولێریش بووه ده‌رفه‌تێكی باش بۆ گەڕانەوەکەم.
میدیازان دەزانێت، سەباح عەبدولڕەحمان بە شانۆگەری “رووته و سه‌گ و به‌گ” وەک میوان بەشدارە لە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی شانۆی هەولێر کە بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، کە دەکاتە دوا رۆژی فێستیڤاڵەکە، شانۆییەکەی نمایش بکات.
سەباح عەبدولرەحمان، لە بارەی شانۆگه‌ری “رووته و سه‌گ و به‌گ” دەڵێ، بیرۆكەو دیزاین و ده‌رهێنانی خۆمه، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی به‌ئه‌زموون و خاوه‌ن مه‌عریفه‌ی به‌رزی هونه‌ری به‌شداریی كاره‌كه ده‌كه‌ن، شانۆییەکەش بە شێوازی راگوزەر کە
فۆڕمێكی نوێی كاركردنه له دنیادا، پێشکەش دەکرێت.
“ئه‌م كاره ده‌بێته ده‌ستپێكی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ مه‌یدانی شانۆ، دیاریی منه بۆ به‌شداران و میوانانی حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی شانۆ له هه‌ولێر”، سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان وای وت.
حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی شانۆ له هه‌ولێر، رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو ١٢ـی تشرینی دووه‌م ده‌ستیپێكرد و بڕیارە رۆژی هه‌ینی ١٨ـی ئەم مانگە كۆتایی پێ دێت، كه ژماره‌یه‌ك تیپی هونه‌ریی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه به‌شدارن، له‌وانه تیپی میسر، تونس، سوریا، ئوردن، عو‌مان، ئێران، عێراق، كوردستان و توركیا.
هونه‌رمه‌ند سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، لە رێگایە میدیازانەوە ئاشكرای كرد، کە تیپێکی نوێی شانۆیی بە ناوی تیپی “پرۆژه”ـی دامه‌زراندووه و سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵه‌تە بۆی، وتیشی “ئامانجم ئه‌وه‌یه گوڕوتین بگه‌ڕێنمەوه بۆ شانۆ، به تایبه‌تی لە هه‌ولێر”.
“تیپێکی نوێی شانۆیی بە ناوی تیپی “پرۆژه”ـی دامه‌زراندووه “
سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، لەناو شانۆکاراندی نازناوی “پێشڕه‌و و مامۆستای یه‌كه‌می شانۆی له هه‌ولێر” هەیە، ئه‌و له ١٩٤٥ـدا له هه‌ولێر له‌دایك بووه، تا ئێستا خاوه‌نی نووسین و ده‌رهێنانی ده‌یان شانۆ و درامای ته‌له‌ڤزیۆنییه، دیارترینییان “مه‌سه‌له‌ی شارێك، مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف، ماره‌یی، چڵپاو، چاره‌ڕه‌ش، فاڵچی و ده‌یان به‌رهه‌می تر”.
سەباح عەبدولڕەحمان، دەیەوێت بە گەڕانەوەی لەڕێگەی شانۆوە بەدوای “چارەسەر بگەڕێت بۆ هه‌موو قه‌یران و ئاسته‌نگەکانی له كوردستان بوونیان هه‌یه”.
دەڵێ “ئیتر ده‌بێت شانۆ ببێته ده‌زگه‌یه‌ك و رۆڵی لەناو كۆمه‌ڵگەو گۆڕانكارییه‌كان هه‌بێت، پێویسته له چوارچێوه‌ی فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بێته ده‌ره‌وه”.
“ئیتر ده‌بێت شانۆ ببێته ده‌زگه‌یه‌ك و رۆڵی لەناو كۆمه‌ڵگەو گۆڕانكارییه‌كان هه‌بێت”
سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان ده‌رچوونی كۆلیژی هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدایه، له كوردستانیش پۆستی جیاجیای له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه هونه‌ری و رۆشنبیرییه‌كان له ئه‌ستۆ بووه، چه‌ند تیپێكی شانۆییشی دامه‌زراندووه، به‌ڵام زیاتر لە پانزە ساڵه له بواره‌كه دابڕاوه، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌شی ده‌ستپێكێكی تازه‌یه بۆ ئه‌و له بواری هونه‌ردا.