فینلاند بوو بە ئەندامی ناتۆ و روسیا هەڕەشە دەکات

964+

فەهمی نەبی

دوای گفتوگۆی زیاتر لە ساڵێک، فینلاند بەفەرمی بوو بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا یاداشتی بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتەی وەرگرت.

دوای هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراینا، لە مانگی ئایاری ساڵی 2022 هەریەکە لە سوید و فینلاند داوای بەئەندامبوونی وڵاتەکانیان لە هاوپەیمانی ناتۆ کرد.

ئەمڕۆ 4.4.2023 هاوپەیمانیەکە ئەندامبوونی فینلاندی بە فەرمی ناساند، ئێستا ئەو وڵاتە بەفەرمی بۆتە 31-ەمین ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ.

ساولی نینسیتۆ، سەرۆکی فینلاند رایگەیاند، “لە ئەمڕۆوە ئیدی سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە و وڵاتەکەمان نابێتە هەڕەشە بۆسەر هیچ وڵاتێکی دیکە”.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، بەردەوام هەڕەشەی فراوانبوونی سنووری وڵاتانی ناتۆی کردوە، بەهەمان هۆکار ساڵی پار هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکراینا، دوای بەئەندامبوونی فینلاند، هەر ئەمڕۆ روسیا هۆشداریدا لەوەی “رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە” بەکاردێنێت.

لە ئێستادا سنووری روسیا لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ دوو هێندە زیادی کردووە، بەجۆرێک فینلاند لەگەڵ روسیا هەزار و 340 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی هەیە.
رێکخراوی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ، لە 4ی نیسانی ساڵی 1949 لە واشنتۆن یاداشتنامەی دامەزراندنی واژۆکراوە.

هاوپەیمانی ناتۆ بە گەورەترین هاوپەیمانی ئاسایشی جیهانی دادەنرێت کە تا دوێنێ ژمارەی وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانیە 30 وڵات بوو، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەی ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییە بوو بە 31 وڵات.

بەپێی یاسای هاوپەیمانی ناتۆ هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ هێرشی بکرێتە سەر بە واتای هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە دێت.
هاوکات سوید هەمان داواکاری بە ئەندامبوونی هەیە، بەڵام ناڕەزایەتیەکانی هەریەکە لە تورکیا و هەنگاریا ئەو پرۆسەیەی بۆ سوید دواخستووە.