دوای 14 رۆژ

تەرمی سامان بە قولاپی ماسی دۆزرایەوە

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

تەرمی سامان عەبدوڵا پاش چواردە رۆژ، قووڵایی دەریاچەی دەربەندیخانی جێھێشت و ئێوارەی ئەمڕۆ بە قولابی ماسی دۆزرایەوە.

شەوی 21ی ئەم مانگە، سێ هاوڕێ بۆ راوەماسی چوونە بەنداوی دەربەندیخان و لەگەڵ کارپێکردنی بەلەمەکەیان هەرسێکیان کەوتنە ناو بەنداوەکە و دواتر دووانیان خۆیان رزگارکرد و کەسێکیان بە ناوی سامان عەبدوڵا، کە لەدایکبووی ساڵی 1986ـه‌ و خەڵکی دەربەندیخانه‌، نوقمی دەریاچەکە بوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 4.4.2023 سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بۆ تۆڕی 964 ئەوەی ئاشکراکرد، “کاتژمێر 4:00 تەرمی سامان عەبدوڵامان بە قولاپ لە ناو دەریاچەی دەربەندیخان و لە شوێنی رووداوەکە دۆزییەوە”.

وتیشی، “تەرمی سامان رەوانەی پزیشکی دادوەری دەکرێت، پاش رێکارە یاساییەکان و دەرکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی پاش دۆزینەوەی تەرم، رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێت و ھەر لە دەربەندیخان بەخاک دەسپێردرێت”.

سامان عەبدوڵا، خاوەنی سێ منداڵ بوو، دوو کچ و یەک کوڕ، لە ماوەی چواردە رۆژی رابردوو، 15 بەلەمی ھاوڵاتیان و چەندان تیم لە بەرگری شارستانیی سلێمانی، دەربەندیخان و بەسڕە و بەغداد و ئەنبار و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی بەشدارییان لە گەڕان بە دوای تەرمەکەدا کرد، بەڵام قووڵیی دەریاچەکە رێگر بوو لەوەی بتوانن بگەنە تەرمەکە.

ئەو دوو کەسەی لەگەڵ سامان عەبدوڵا بوون، بە هۆی ئەوەی لە وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسیدا راویان کردووە، دەستگیرکران و چەند جارێکێش بۆ سۆراغ و ئەندازەی شوێنی رووداوەکە بە دەستگیرکراوی ھێنراونەتە سەر دەریاچەکە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا