هاتوچۆی هەڵەبجە: مەلیکە تابلۆی پێدەدرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە هەرێمی کوردستان تابلۆ دەدرێت بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانی تۆیۆتا کراون کە بە مەلیکە ناسراون و بێسەرەتان، بە مەرجێک لە پشکنینەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێردا دەربچن.

عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانی جۆری مەلیکە بۆیە بانگدەکرێن بۆ هاتوچۆی هەولێر، بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت بە مەبەستی پێدانی تابلۆ، بەڵام چەند مەرجێک هەیە دەبێت لەو ئۆتۆمبێلانەدا هەبێت.

دەبێت بڕاوە نەبن و مەرجی توندوتۆڵیان هەبێت

“ئەو ئۆتۆمبێلانە ئەگەر بڕاوە نەبن و مەرجەکانی توندوتۆڵیان تێدابێت، تابلۆیان پێدەدرێت،”  عەمید حەسەن عەبدوڵا وای وت.

لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی کە لەبەرامبەر پێدانی تابلۆ لە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانی جۆری مەلیکە دەسەندرێت، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە وتی، هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە و نازانرێت چەندە.

رۆژی 29.3.2023، هاتوچۆی هەرێم بڕیارێکی نوێی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرکرد و ماوەی مانگێکی دەستنیشانکرد بۆ خاوەنەکانیان تا سەردانی هاتوچۆی هەولێر بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی سکان.

“لەبەر ئەوەی ئامێری سکانەر تەنیا لە هەولێر هەیە، بۆیە خاوەنی مەلیکەکان ناچارن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بکەن،” فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە تۆڕی 964ی وت.