دەستەی گەشتوگوزار

سەدان دەرفەتی کار دەرەخسێنێت

964+

فەرمان سادق

دەستەی گەشتوگوزار سەدان دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار و ئارەزوومەندانی گەشتیاری دەکاتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکەش دەڵێت: کۆمپانیا گەشتیارییەکان و هوتێلە پێنج و چوار ئەستێرەکانیش دەبێت رێبەری گەشتیاری دامەزرێنن.

بۆ ئامادەکردنی رێبەرە گەشتیارییەکان، دەستەی گەشتوگوزار بڕیارە خولێک بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار و ئارەزوومەندانی بکاتەوە، بۆ ئەمەش داوایان لێدەکات لە سبەیەوە 3.4.2023 تاوەکو 20.4.2023 سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستەی گەشتوگوزار بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان.

دەستەی گەشتوگوزار، بۆ رێکخستنەوەی سێکتەری گەشتیاری پارساڵ رێنمایی ژمارە (3)ـی راگەیاند کە بە رێنمایی رێبەری گەشتاریش ناسراوە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار بە 964ـی وت، بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ دەرچوانی بەشەكانی گەشتوگوزار لە ئامادەیی و پەیمانگە و كۆلێژە گەشتییارییەكان و خاوەن ئەزموون و خوازیارانی بواری ڕێبەری گەشتیاری خولی تایبەت بۆ پێگەیاندنی رێبەری گەشتیاری بە شێوەی ئەكادیمی دەکرێتەوە.

دەشڵێت: بەشدارانی خولەکە دواتر پێناسی تایبەت بە دەستەی گەشتوگوزار و رێبەرانی گەشتیاری بە شێوازێكی فەرمی دەناسێندرێن و لە بنكە و كۆمپانیا گەشتیارییەكان دەخرێنە سەركار.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەوەشی بە 964 وت، کە بەپێی رێنمایی رێبەری گەشتیاری بێت ئەوا دەبێت هەموو هوتێلە پێنج و چوار ئەستێرەکان و کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەبێت رێبەری گەشتیاری لای خۆیان دامەزرینن.