هی سەدەی حەوت و هەشتی پێش زایینە
کارێزەکەی شا سەنحاریب بۆ قەڵای هەولێر تەنیا دەروازەکەی دیارە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەو کارێزەی شا سەنحاریب ئاوی بۆ ناو قەڵای هەولێر لێوە راکێشاوە تەنیا دەروازەکەی دیارە و لەناو قەڵاش هیچ ئاسەوارێکی نەماوە.
دروستکردنی ئەو کارێزە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی حەوت و هەشتی پێش زایین، شا سەنحاریبی پاشای ئاشوورییەکان، کە خۆی لەو سەردەمەدا لە موسڵ دانیشتووە، بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان خواوەندەکەیان کە ناوی ئەربائیلۆ بووە لە قەڵای هەولێردا بووە و لەبەر ئەوە ئاوی بۆ راکێشراوە.
ئێستا بناغەی راکێشانی ئاوەکە و کارێزەکە دیارە، بەڵام لەناو قەڵا هیچ ئاسەوارێک نییە پیشانی بدات ئەو ئاوە چۆن و لەکوێوە براوەتە ژوورەوە.
نادر روستی، وتەبێژی پێشووی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و شارەزای شوێنەوار بە 964ـی وت “ئەوەی کە دیارە و ماوە تەنیا بناغە و دەروازەی کارێزەکەیە چۆن چۆنی براوەتە ناو قەڵا نازاندرێت”.
ئەو بەردانەی بۆ بناغەکەی بەرکارهاتوون بە رووبەری 40 تا 70 سانتیمەترن و بەردی سەرکارێزەکەش دوو مەترە.
روستی دەشڵێت: بە دێژایی 20 کیلۆمەتر لە کارێزێکی چەمی بەستۆرەوە ئاوەکە بۆ ناو قەڵای هەولێر گواستراوەتەوە.