کوردستان حەوت رێنمایی خۆپارێزی لە خۆڵبارین راگەیاند
لە عێراق.. بەهۆی خۆڵبارینەوە 515 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە
964+
فەرمان سادق
بەهۆی ئەو گەردەلولە خۆلبارینەی عێراقی گرتۆتەوە 515 کەس بەهۆیەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و حکومەتی هەرێمیش حەوت رێنمایی راگەیاند و دەڵێت: لە مالەکانتان بمێننەوە.
ئەمڕۆ شەممە 1.4.2023، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی رایگەیاند بەهۆی ئەو گەردەلولی خۆڵبارینەی ئەمدواییە 515 کەس تەنگەنەفەس بوون و چوونەتە نەخۆشخانە.
خۆڵبارینەکە بەغدا و شارەکانی باشووری عێراقی گرتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە 48 کاتژمێری رابردوودا شەپۆڵێکی سەرما و بەفربارینی گرتەوە و ئەمڕۆش یەکێک بوو لە رۆژە ساردەکان.
دکتۆر سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، نەخۆشخانەکان پێشوازی لە سەرووی 515 کەس کردووە کە بەهۆی گەردەلولی خۆلبارینەکە سەردانی نەخۆشخانەکانی کردووە، هەر ئەمڕۆ زۆرینەیان دوای وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە، وتیشی “هیچ کەسێک بەو هۆیەوە گیانی نەسپاردووە”.
پێوەند بەو خۆڵبارینە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە حەوت رێنماییدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە و مەگەر زۆر زەرور نەبێت نەیەنە دەرەوە.
لە رێنماییەکاندا هاتووە کە ئەگەر چوویتە دەرەوە ماسک بەکاربهێنە، چاویلکە یان قەترەی چاو بەکاربهێنە، چاوەکانت بشۆ، بە پەنجە و دەست مەیخورێنە، خواردنەوەی ئاو و شلەمەکانییەکان زیاتر بکە، دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت دابخە، لە کاتی شوفێری جامەکانت دامەگرە و هەواگۆرکێ بەکارمەهێنە.