لە ئاکرێ حکومەت کارەباکەی بڕی

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

لە ئاکرێ، کارەبای نیشتیمانی ٤٠ شوێنی کشتوکاڵی، پیشەسازی، بازرگانی و باخ بڕدرا، بەهۆی نەدانی کرێ، بە قسەی بەرپرسان.

بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای قەزای ئاکرێ بڕیارەکەی داوە.

عەونی مەلا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ بە میدیازانی وت، بەپێی رێنمایی وەزارەتی کارەبا ئەو کارەیان کردووە.

لە رێنمایی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، هەر شوێنێکی کشتوکاڵی، پیشەسازی، بازرگانی یان باخ (مەزرەعە)، کریێ کارەبای دوو مانگ نەدات، ئەوا لە مانگی سێیەمدا کارەباکەی دەبڕدرێت.

عەونی مەلا باسی لەوە کرد، “پێش بڕینی کارەباکە، چەند جارێک داوامان لێکردوون کرێکەیان بدەن، بەڵام وەڵامیان نەبوو، بە ئەنقەستیش نەیانداوە”.

لەبارەی بڕینی کارەبای ماڵان، ئەو بەرپرسە وتی، خاوەن شوێنەکان داهاتیان هەیە بۆیە کارەبایان دەبڕن، ئەگەرنا تاوەکو ئێستا کارەبای ماڵانیان نەبڕیوە.

لە ئاکرێ زیاتر لە ٤٠ هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، ئەو شوێنانەشی کارەبایان لێبڕاوە دەکەونە سەنتەری قەزاکە، ناحیەی دینارتە، ناحیەی بجێل و ناحیەی گرەسێن.