وەزیری تەندروستی:

ھێنانی دەرمان بە رێگەی نایاسایی بەتەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە

964+

تا ئێستا ھێنانی دەرمان بە رێگەی نایاسایی بۆ هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆنترۆڵنەکراوە، وەزیری تەندروستیش دەڵێت، رێکاری تووندتر و نوێیان بۆ بنبڕکردنی گرتووەتەبەر.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا بە تەواوی ھێنانی دەرمان بە رێگەی نایاسایی کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەڵام لە بەدواداچوون و باشترکردنی رەوشی دەرمان بەردەوام دەبن.

جۆری دەرمانی گونجاو ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵی لێدراوە

“ئێستا وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی ئاسایشی گشتی و داواکاری گشتیی هەرێم، بەدواداچوون بۆ دەرمانی ساختە و نەشیاوانە دەكات، هەروەها جۆری دەرمانی گونجاویش ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵی لێدراوە، تا خەڵكی بزانن نرخەکەی چەندە و چۆنیش بەکاردێت،” وەزیری تەندروستی وای وت.

ئێستا زیاتر لە 14 ھەزار جۆری دەرمان ستیکەری بۆ کراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵ مۆڵەتی وەرگرتووە.

بە وتەی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم، پرۆسەی چاکسازی دەرمان بەردەوامە، ئاماژە بەوەش دەکات نرخی دەرمانیان داشکاندووە.

“لە ماوەی رابردوودا هەر دەرمانێک نەگونجاو بووبێ، دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لەوەش هێنانی دەرمان بە رێگەی نایاسایی تا کەمترین ئاست کەمبووەتەوە،” د. سامان بەرزنجی وای وت.