“دادەدێ” چیرۆکی گوندێکی پڕ لە ژیان و مەترسیی مین دەگێڕێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
لە ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی “دادەدێ”ـدا، پێشکەشکار (چاوان) گەشتێکی جیاواز دەکات بۆ ناو سروشتە جوانەکانی کوردستان و ئەمجارەیان دەچێتە گوندێکی سنووری کە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
گوندەکە دەکەوێتە نێو شاخەکان و سروشتێکی یەکجار سەرنجڕاکێشی هەیە، خانووەکانی بە شێوازێکی رەسەن و بە بەرد هەڵچنراون، بەهۆی نزیکییان لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان، شێوازی ژیان و ستایلی دانیشتووانەکەی تا رادەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو دیو سنوور دەچێت و تەنانەت پەیوەندیی خزمایەتی و ژن و ژنخوازیش لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام لە پشت ئەم جوانی و سروشتە دڵڕفێنەوە، مەترسییەکی گەورە هەیە؛ ئەویش بوونی مینێکی زۆرە لە دەوروبەری گوندەکە، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی بوونەتە قوربانی، هەندێکیان گیانیان لەدەستداوە و هەندێکیشیان دەست و قاچیان لەدەستداوە.
لە پیاوە دونیادیدەکانی گوندەکە بە شانازییەوە باس لە رەسەنایەتی و پۆشینی جلی کوردی دەکات و دەڵێت: “سەروەتی هەموو عێراقم بدەنێ، ناتوانم جلی هیچ وڵاتێکی دیکە لەبەر بکەم و هەر جلی کوردی دەپۆشم؛ بۆچی جلی بێگانە لەبەر بکەین؟ بەداخیشم کە ئێستا زۆربەی خەڵک تەنها لە بۆنەکاندا جلی کوردی دەپۆشن.”
لە کاتی هەنار تەکاندندا، چاوان دەچێتە لای دایکێکی میهرەبان و دەمەتەقێیەکی گەرم و پڕ لە قسەی خۆش دەکەن، ئەو دایکە باسی خێزانەکەی دەکات و بە دڵخۆشییەوە دەگێڕێتەوە کە کچێکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کوڕەکەی هێناوە، چونکە خۆی زۆر حەزی لێی بووە و پێی جوان بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بووکەکەیان ئێستا بە تەواوی فێری کولتوور و نەریتی ئەوان بووە، هەروەها باس لەوەش دەکات کە هەر لە منداڵییەوە کچەکانی خۆی فێری کاری ناوماڵ و دەستڕەنگینی کردووە.