لە وانەی بەرخدا بەرخێکی بردووەتە پۆلەوە
+964
ئاکام غەفور – خەلیفان
لە قوتابخانەی جۆلەمێرگی خوارو لە خەلیفان، مامۆستایەک شێوازێکی سەرنجراکێشی بۆ وانە وتنەوە هەیە، قوتابییەکانی لەسەر هەرچی بابەتێک بخوێنن، ئەوەیان بۆ دەباتە نێو پۆلەوە.
وێنەیەکی مامۆستا هاوار عوسمان و قوتابییەکانی، کە دەردەکەوێت لە وانەی بەرخدا بەرخێکی بردووەتە پۆلەوە، کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و هەمووان دەستخۆشی لێدەکەن، ئەو بە تۆڕی 964ی وت، بەو جۆرە قوتابییەکان باشتر فێردەبن.
ئەمساڵ مامۆستا هاوار عوسمان، حەوت چالاکی جۆراوجۆری بۆ قوتابیان ئەنجام داوەو لە هەموویاندا بە کرداری وانەکانی وتووەتەوە، دواین وانەشیان ئەوەی بەرخەکەیە.
بەشێوەی كرداری قوتابییەكان زیاتر ئاشنای وانەكان دەبن
”بڕیارمداوە لە هەر وانەیەکدا کە بتوانم بە شێوەی کرداری وانەکە بۆ قوتابیان شەرح بکەم، بەشێوەی كرداری قوتابییەكان زیاتر ئاشنای وانەكان دەبن و ئاسانتر فێردەبن،” مامۆستا هاوار عوسمان وای وت.
دەشڵێت، ”لەدوای ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکیانە، ئاستی زیرەکی قوتابییەکان بەرزترە بە بەراورد بە رابردوو… دەمەوێت بەردەوام بم لەسەر ئەو شێوازە وانەوتنەوە و لە داهاتوودا چالاکی باشترم هەبێت.”
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر