لە شوێنی باشتر خانوویان پێدەدرێت

دوای 14 ساڵ شوقەکانی کەسوکاری شەهیدان لە سۆران دەڕوخێندرێن

ئاکام غەفوور – سۆران

دوای 14 ساڵ لە دروستکردنیان، ئەو 144 شوقەی بۆ کەسوکاری شەهیدانی سۆران دروست کرابوون، دەڕوخێندرێن و قەول وایە لە شوێنێکی باشتر خانوویان پێ بدرێت.

شوقەکان سەرەتا بە ناوی کرێنیشینان دروستکران، دواتر بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەش کران و کلیلەکەشیان وەرگرت، بەڵام رێگەیان پێ نەدرا بچنە ناوی بەهۆی ئەوەی کوالیتی پڕۆژەکە خراپ بوو و مەرجی سەلامەتی تێدا نەبوو.

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە 964ـی وت، “لە بڕی ئەو شوقانە، 170 خانوو بە کوالێتی باش کە شایستەی کەسوکاری شەهیدان بێت، لە نزیک بەرزە پردی 40 مەتری سۆران دروست دەکرێن”.

وەک باسی دەکات، شوقەکان بە کوالێتی خراپ دروست کراون، بۆیە لیژنیەکە پێکهاتووە بۆ ئەوەی بزانن کەمتەرخەمیەکە لە کێ و لە کوێوە بووە، کەسانی کەمتەرخەمیش رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری