هەولێر خۆى لەلافاو رزگار دەکات

 ئاوەڕۆیەک لە نێوان هەردوو شەقامى 120 مەترى و 150ـى دروست دەکرێت

وریا فەتاح

وادیارە لە رێگەى دروستکردنى ئاوەڕۆیەکى گەورە و ستراتیژى، هەولێر دەیەوێت خۆى لە لافاو بپارێزێت.

پڕۆژەکە، دەکەوێتە نێوان شەقامى 120 مەترى و 150 مەترى و دروست دەکرێت.

وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار لەبارەى پڕۆژەکەوە ئاشکراى کردووە کە پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی و ژێرخانی ئاوەڕۆیە به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی شەقامەکە و ناوچەکانی دەوروبەری لە مەترسیی لافاو.

روونیشى کردووەتەوە، ئێستا کارکردن لەم پڕۆژەیەدا لە قۆناغی داڕشتن و تەواوکردنی سەقفی ئاوەڕۆی بۆکسی تاک دایه‌ و‌ کۆنکرێتەکە قۆناغ بە قۆناغ رێکدەخرێت و بەرەو کۆتایی دەچێت.