بژێوییەکەى لەسەر پێڵاو بۆیاخکردنە
کێشەى مام عەبدوڵا ئەوەیە خەڵک کالە لە پێ دەکات
رێباز یونس – هەولێر
ئەگەر بۆ خەڵک لەپێکردنی کالە نیشانەی ئاسوودەیی و مۆدێل بێت، ئەوا بۆ مام عەبدوڵا کە بژێویی ژیانی لەسەر پێڵاوبۆیاخکردنە، هەر جووتە کالەیەک کە بە بەردەمیدا تێدەپەڕێت، بە مانای کەمبوونەوەی رزق و داهاتی رۆژانەیەتی.
مام عەبدوڵا تەمەنی هەڵکشاوە و ماندوویی بە سیما و دەستەکانییەوە دیارە، بەڵام سندوقە بچووکەکەی بۆیاخ هێشتا تاکە سەرچاوەی وزە و بژێویی خێزانە گەورەکەیەتى.
ئەو باوکی شەش کچە کە هەموویان قوتابین و ئەرکی خوێندن و بژێوى هەموویانى لەسەر شانە، لە پاڵ ئەوەشدا هاوسەرەکەی نەخۆشە و چاوی لە دەستی ماندووی مام عەبدوڵایە.
رۆژانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە، ئەم باوکە ماندووە بە داهاتێک کە لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار دیناردا تێپەڕ ناکات، دەبێت بژێویی ماڵەکەی و پێداویستیی کچە قوتابییەکانی دابین بکات، بەڵام لەپێکردنى کالە لەلایەن زۆربەى خەڵکییەوە، بازاڕەکەى مام عەبدوڵاى لاواز کردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح