ویستویەتی بیخاتە بازاڕی کەلارەوە
400 کارتۆن کاڵای بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
لیژنەکانی قایمقامیەت و پۆلیس دەستیان بەسەر کۆگایەکی بازرگانیدا گرت له كۆمەڵگهی بازرگانی نوێی کەلار، کە خواردنی بەسەرچووی تێدا بووە و ماوهی بهسهرچووی نوێکراوەتەوە.
بەرھەمەکان بریتیبوون لە نەستەلە، چوکلێت و قاوە، كه نزیکەی 400 کارتۆن بووە و ویستویەتی دووبارە بیانخاتەوە بازاڕەوە.
ھەردی سەرکەوت، وتەبێژی قایمقامیەتی کەلار بە تۆڕی 964 وت، “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن ھاوڵاتییەک ئاگادارکراینەوە کۆگایەک لە کۆمەڵگهی بازرگانی نوێی کەلار بەرھەمی بەسەرچووی ھەیە، دواتر لیژنەکانیان گەڕانیان دەستپێکرد و ئهم ئێوارهیه کۆگاکەیان دۆزیوەتەوە.”
ئاماژەی بەوەش کرد، كاڵاكان لە 25.1.2023 بەسەرچووبوون و دووبارە بە پارچە لەزگەیەک مێژوویهكی نوێیان لێدراوەتەوە، بەڵام پێش خستنەبازاڕ دەستی بەسەردا گیراوە و لێکۆڵینەوەکانیشیان بەردەوام دەبێت، وتیشی “تا ئێستا خاوەنی کۆگاکە نەھاتووە و کەسێکی دیكهی له شوێنی خۆی ناردووە”.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا