تێسلای چینی خەریکە جێگە بە تێسلای ئەمەریکی لەق دەکات

میدیازان – بڵند عوسمان – دیسکی هەولێر

کۆمپانیای جێلی بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای هەواوێ، دوو مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلی کارەباییان خستە بازاڕەکانی جیهانی و، بەمەش ئاستی رکابەری لەگەڵ تێسلای ئەمەریکی بەرزتر کرد.

کۆمپانیای جێلی، کە کۆمپانیایەکی چینی بواری دروستکردنی ئۆتۆمبێلە، ماوەیەکە خزاوەتەناو دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لە نوێترین بەرهەمیشیدا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای هەواوێ، کە ئەوەی دووەمیشیان کۆمپانیایەکی چینی بواری تەکنەلۆجیایە، لە هەشتی ئەم مانگەدا دوو مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلی کارەباییان خستە بازاڕەوە کە بە سیستەمی وەگەرخەری هاڕمۆنی کۆمپانیای هەواوێ کاردەکەن.

G6 و M6، ئەو دوو مۆدێلە نوێیە ئۆتۆمبێلە کارەباییەن کە خرانە بازاڕەکانی جیهانی. ئەوەی یەکەمیان بە دوو قەبارەی پاتری جیاواز بەردەستە، یەکەمیان ئۆتۆمبێلێکی سیدانەو بە دوو قەبارەی پاتری بەردەستە،  پاترییە بچووکەکە بەیەک بارگاوی کردن ٤٨٠ کیلۆمەتر دەڕوات، نرخەکەی ٢٠ هەزارو ٦٠٠ دۆلارە. هەرچی پاترییە گەورەکەیە کە بەیەک بارگاوی کردن دەتوانێت ٦٢٠ کیلۆمەتر بڕوات، نرخەکەی ٢٣ هەزارو ٤٣٠ دۆلارە. 

ساڵانێکە کۆمپانیای تێسلای ئەمەریکی دەستی بەسەر بازاڕی ئوتۆمبێلە کارەباییەکاندا گرتووە، بەڵام کۆمپانیا چینیەکان لەم دوو ساڵەی دواییدا بەرێژەیەکی بەرچاو گەشەیان سەندووەو، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر عەرشی تێسلا، خەریکە پێگەکەی لە بازاڕدا لەق دەکەن.

هەرچی مۆدێلی دووەمە کە بە M6 ناسراوەو، ئۆتۆمبێلێکی جانتای سیدانە، بە هەمان نرخ و قەبارەی پاتری G6 خرایە بازاڕەکانی جیهانی. 

کۆمپانیای جێلی، کۆمپانیایەکی چینیی بواری دروستکردنی ئۆتۆمبێلە، ساڵی ١٩٨٦ دامەزراوەو، ساڵی ١٩٩٨ یەکەم بەرهەمی خۆی نمایشکرد. هاوکات ساڵی ٢٠١٨، یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی خستە بازاڕەکانی جیهان.