کارەبای سلێمانی: دوو رۆژ کەس سەردانمان نەکات ماڵ دەگوازینەوە

964+

بەڕێوەبەرايەتى دابەشكردنى كارەباى سلێمانى – رۆژهەڵات، باڵەخانەکەی دەگوازێتەوە بۆ گەڕەکی قالاوە و ماوەی دوو رۆژی پێویستە، بۆیە داوا لە هاوبەشانی کارەبای سنوورەکەیان دەکات ئەو دوو رۆژە سەردانیان نەکەن.

لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 2.4.2023ـەوە، مامەڵەی هاوڵاتیان لە باڵەخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە گەڕەکی قالاوە ئەنجام دەدرێت، ئەمە بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرايەتى دابەشكردنى كارەباى سلێمانى – رۆژهەڵات کە رۆژی دوو شەممە لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە.

چوارشەممە و پێنجشەممە سەردانمان مەکەن

“رۆژانى چوارشەممه و پێنجشەممه، كه دەكاته بەروارى 29 و 30 مانگى ئازار، دەوامى بەڕێوەبەرايەتيمان نابێت، بەهۆى كارى گوێزانەوەمان بۆ بيناى نوێ لە گەڕەكى قالاوه، بۆيه داواكارين له هاوڵاتيان لەو دوو رۆژەدا سەردانمان نەکەن،” بەڕێوەبەرايەتى دابەشكردنى كارەباى سلێمانى – رۆژهەڵات وا دەڵێت.

مامەڵەی هاوبەشانی کارەبا لە نزیکەی 50 گەڕەکی شاری سلێمانی لەو بەڕێوەبەرایەتیە ئەنجامدەدرێت، کە لەئێستادا باڵەخانەکەی لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانیە و بڕیارە بگوازرێتەوە بۆ گەڕەکی قالاوە.