بەگوێرەی بەدواداچوونی 964

سلێمانی زۆرترین و دهۆک کەمترین هۆڵی شانۆیی هەیە

964+

فەهمی نەبی

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی 964 سلێمانی زۆرترین هۆڵی شانۆ و دهۆک کەمترین هۆڵی شانۆیی هەیە و کەمترین چالاکی شانۆیی لێ ئەنجامدەدرێت.
حەسەن فەتاح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی رۆشنبیری دهۆک بە 964-ی راگەیاند، لە پارێزگای دهۆک دوو هۆڵی شانۆ هەیە، هۆڵی محمد عارف جزیری و هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، جگە لە هۆڵی شانۆی رۆمانی کە ئێستا شانۆگەری لێ ئەمجامنادرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی رۆشنبیری دهۆک ئەوەشی وت “لە ساڵی 2014-ەوە، ساڵ هەبووە تەنیا یەک شانۆگەری لە دهۆک نمایشکراوە، ساڵ هەبوە ئەو شانۆگەریەش نەبووە، بەڵام پلانمان بۆ دوو ساڵی داهاتوو هەیە کە گرینگی زۆر بە شانۆ بدەین”.

فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری رۆشنبیری هەولێر بۆ 964 قسەیکرد وتی “لە هەولێر شەش هۆڵی شانۆ هەیە، هۆڵی میدیا، هۆڵی رۆشنبیری، هۆڵی پێشەوا، هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ ئەوانە سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانن، هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە، هۆڵی سەعد عەبدوڵا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، جگە لەهۆڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکان”.

سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی ئالان هادی، لێپرسراوی ناوەندی شانۆی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: لە پارێزگای سلێمانی نۆ هۆڵی شانۆ هەیە، هۆڵی رۆشنبیری، هۆڵی کۆمەل، هۆڵی ئامادەیی سلێمانی لە چوارباخ، تەلاری هونەر دوو هۆڵی هەیە، پەیمانگای هونەرە جوانەکان دوو هۆڵی شانۆی هەیە هۆڵی بەدیعە دارتاش و هۆڵی ئەزموون، هۆڵی راپەڕین لە زانکۆی سلێمانی و هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان.
بەمجۆرەبێت شاری دهۆک کەمترین و سلێمانی زۆرترین هۆڵی شانۆی هەیە.

کارۆخ ئیبراهیم، مامۆستای بەشی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر، لەبارەی بوونی هۆڵی شانۆ لە هەولێر دەڵێت: پێمان وایە دەبێ بەرهەمی باشمان هەبێت بەڵام بەبێ هۆڵی باش، لە رابردوو هونەرمەند قوتبەدین سادقی نمایشێکی شانۆیی لە هەولێر کرد کە رۆیشتەوە بە سەرۆکی حکومەتی وت “کە ماڵتان نییە بۆ میوانداری خەڵک دەکەن” هۆڵی شانۆ ماڵی ئێمەیە، بەڵام ئێمە ماڵمان نیە.

ئەمڕۆ 27.3.2023 رۆژی شانۆ بوو لە جیهان، لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، 17 هۆڵی شانۆ هەیە.