دوو رۆژە كارگەیەكی قیر زەڕایەنی هەراسانكردووە

سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەکەی شارەزوور داخرا

+964
دیسكی كوردی
دوو رۆژە بۆنێكی ناخۆش لە زەڕایەن بڵاوبووەتەوە، ئەمشەو بەهۆیەوە كارگەیەك داخرا.

بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزوور کارگەیەک داخراوە لەو دەڤەرە بە تۆمەتی ئەوەی بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش.

دابان محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە تۆڕی 964ی راگەیاند، كارگەكە تایبەتە بە قیری شل و هۆكار بووە بۆ دروستبوونی بۆنە ناخۆشەکە، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە دایانخستووە.

بۆنە ناخۆشەکە دانیشتووانی ناحیەی زەڕایەنی هەراسان کردبوو و بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان  سكاڵایان هەبوو لە دەستی.

هاوکات، لە راگەیەندراوێکدا، قایمقامیەتی قەزای شارەزور باسی لەوە کردووە، دوای چەند جارێک هەستکردن بە بۆنی ناخۆش لە هەوای شارەکە کەوتوونەتە گەڕان و بەدوای سەرچاوەی بۆنەکە کەوتوون، دواتر بۆیان دەرکەوتووە کە لە سنوری قەزاکەیان نییە و بۆنە ناخۆشەکە لە سنوری تانجەرۆوە دێت.

ناحیەی زەڕایەن سەر بە قەزای شارەزورە و تەنیا 25 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانیەوە دوورە.