ئاردی بایەعییەکەی ئێوە بۆنی هەیە؟

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، بەشە خۆراکی ئارد بۆنی نییە و پێشتر لە پشکنین دەرچووە و هاوڵاتییان دەتوانن نانی لێدروست بکەن. ماوەی دوو رۆژە دەستکراوە بە دابەشکردنی چوارەم بەشە خۆراکی ئارد بەسەر هاوڵاتییاندا، لەو کاتەوە هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە گوایە ئاردەکە گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان و بۆنی لێدێت. میدیازان پەیوەندی کرد بە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەو وتی، ئاردەکە لە رێگەی تەنووری عامودی و ئاشەکانیانەوە پشکنینی بۆ کراوە و لە پشکنین دەرچووە و شیاوە بۆ بەکارهێنان. لەلایەکی دیکە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک پەیوەندی پێوە نەکردوون و سکاڵا بکات لەوەی ئاردەکە بۆنی هەیە، “بەڵام لە هەرشونێک بەشە ئاردی دابەشکراو بۆنی هەیە با هاوڵاتیان وەری نەگرن.” کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ بە میدیازانی راگەیاند، ئاردی هەر کارگەیەک بۆنی هەبێت، کارگەکە پابەند دەکەن بیگەڕێنێتەوە و ئاردی تر بنێرێت. بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، بۆ بەشەخۆراکی ئاردی هەموو مانگێک ٦٠ تۆن گەنم دەکرێت بە ئارد و ١٣ تۆن کەپەک و ٤٧ تۆن ئاردی لێدەردەچێت.