لە راپەڕین

ئاشتەوایی لەگەڵ ژینگە و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان راگەیەندرا

964+
مەجید بتوێنی – راپەڕین

بۆ رێگریکردن لە رواکردنی بزنە کێوی و باڵندە کێویییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە هەر گوندێک چاودێرێک دانراوە. دۆخەکە بەجۆرێک لە مەترسی دایە، راوچییەکانیش درکیان پێی کردووە و لەکاتی زاوزیدا ئێستا راو ناکەن.

دەڤەری راپەڕین و بناری قەندیل ناوچەیەکی شاخاوی فراوان و سەختن، ساڵانێک پڕبوو لە باڵندەی جۆراوجۆری کێوی و ئاژەڵە شیردەرەکان بەتایبەتی کەروێشک و بزنە کێوی، جارجاریش گۆشت خۆراکانی وەک پڵینگ و ورچ دەبینران بەڵام بەهۆی راوکردنی زۆرەوە جگە لەچەند باڵندەیەکی کێوی هیچی دیکە نەماوە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین پارسال 22 راوچی دەستگیرکراون و دوای دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی راوکردن دراونەتە دادگا.
هاوکات 110 کەوی زیندوو ئازاد کراون، هەروەها 286 باڵندەی جۆراوجۆریش ئازاد کراون و دەستیش بەسەر 8 تاپڕ و 48 فیشەک گیراوە.

پارسال 22 راوچی دەستگیرکراون و دوای دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی راوکردن دراونەتە دادگا

ئەو راوچیانە لەکاتی گیرانیاندا 20 کۆتر و چوار بازییان بەدەستەوە بووە، هەروەها 14 کەو و 45 کۆتری سەربڕدراو، لەگەڵ ئەمەشدا 30 دەسکەداوی راویان پێ بووە لەگەڵ 21 قەفەزی کەوگرتن.

هەر بەپێ ئامارەکان بێت، 71 راوچی لە ساڵی 2021 دەستگیرکراون کە ڕاوی ئاژەڵ و باڵندەکێویەکانیان کردووە.

سوێسکە، ئاوێردە، پۆڕ، کەو، مراوی، قاز ئەو باڵندە کێویانەن کە گۆشتیان دەخورێت و ساڵانە راو دەکرێن، هەروەها رێوی، کەروێشک، سیخۆڕ، کوڕەبەشە لەو ئاژەڵە کێویانەن راوچیان لە چیاکاندا بەدوایدا وێڵن و گۆشتیان دەخورێت.

شۆڕش کاکە فەتاح، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت، ساڵانی نەوەدەکان و پێشتر، بەهۆی نا هۆشیاری ژینگەیی بەشێوازێکی بەرفراوان و هەڕەمەکی راو ئەنجامدراوە، ئەمەش تا ئاستی لەناوچوون زیانی بە ئاژەڵە کێوییەکان داوە، ئێستاش بەهۆی زۆری ئاوەدانی لە دەڤەرەکە جارێکی تر بزنە کێوییەکان ناگەڕێنەوە چیاکانی دەڤەرەکە.

زیاتر وتی”ئەوەی هەیە ژمارەیەکی کەم لە باڵندە کێوییەکان و ئاژەڵەکانی کەروێشک و رێوی و سیخوڕ و کوڕەبەشە بوونی هەیە”.

شۆڕش کاکە فەتاح، ئاماژەشی بەوەکرد بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەتوندی بەدوای سەرپێچیکەرانەوەیە و رۆژانە بەهاوکاری خەڵک و بنکەکانیان چاودێری چیاکان دەکەن و سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزا و دادگا دەکەنەوە.

پارساڵ 110 کەوی زیندوو ئازاد کراون، هەروەها 286 باڵندەی جۆراوجۆریش ئازاد کراون و دەستیش بەسەر 8 تاپڕ و 48 فیشەک گیراوە

دڵشێر ئیبراهیم، سەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە 964ـی وت “ماوەیەک پێش ئێستا دیاردەی راوکردن لە بناری قەندیل زۆربوو، بەڵام ئێستا لەهەر گوندێک کەسێکیان راسپاردوە کە چاودێری ناوچەکەی خۆی بکات، هەر کەسێک هەوڵی راو کردن بدات ئەو دەستگیر دەکرێت و سزاکەشی چەند بەرامبەرە.

وتیشی “بناری قەندیل دەوڵەمەندە بە باڵندە کێوییە جۆراوجۆرەکان”.

ئێستا لەهەر گوندێک کەسێکیان راسپاردوە کە چاودێری ناوچەکەی خۆی بکات، هەر کەسێک هەوڵی راو کردن بدات ئەو دەستگیر دەکرێت و سزاکەشی چەند بەرامبەر

راوچیەک کە قسەی بۆ 964 کردووە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، بە گشتی راوکردن بەربڵاوە، هەندێک وەک حەز و خولیا، هەندێکیش وەک پیشە و بژێوی دەیکەن.

وتیشی “ئێستا راوچیە شارەزاو رەسمیەکانیش کاتێک باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لە وەرزی زاوزێ بن ئەوا راویان ناکەن تا لەگەشەکردن نەوەستن و هاوشێوەی بزنە کێوییەکان کۆتاییان پێ نەیەت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق