نۆ ساڵە یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان لە گەرمیان تەواو نەکراوە

964+
میلاد جەلال-گەرمیان

ماوەی نۆ ساڵە سەدان ‪ یەکەی نیشتەجێبوون کە وا بڕیاربوو بۆ کەمدەرامەتان لە گەرمیان دروستبکرێت، بەڵام کارەکانی راگیراوە، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی ئیدارەی گەرمیانیش ھۆکارەکەی بۆ قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەی نەختینەیی گەڕاندەوە

بڕیار بوو لەو پڕۆژەیە 360 یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەی باڵەخانەی سێ نھۆمی بۆ کەسانی کەمدەرامەت و کرێنشین دروست بکرێت، بەجۆرێک 288 یەکە لە قەزای کەلار و 72 یەکەشی لە قەزای کفری بێت.

پشتیوان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی گەرمیان بە 964-ی وت “لە گەرمیان چوار پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان ھەیە، لە ساڵی 2014-ەوە بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان راگیراوە، دوو پرۆژەیان دەکەوێتە قەزای کەلار کە ھەریەکێکیان لە 144 یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت، کارەکانی یەکێکیان لەلایەن کۆمپانیای شاتوو جێبەجێدەکرێت 85%ی تەواو کراوە، ئەویتریشیان 73% کارەکانی تەواو بووە و کۆمپانیای جێبەجێکار گرێبەستی ھەڵوەشاندۆتەوە و ئێستا لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەیە”.

بەپێی زانیاری 964، تەواو کردنی ئەو دوو پرۆژەیە پێویستی بە نزیکەی پێنج ملیار دینار ھەیە.

لەبارەی ئەو دوو پرۆژەیەی دەکەوێتە قەزای کفری، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی گەرمیان، دەڵێت: ھەر یەکێکیان لە 36 یەکە پێکدێت ، پڕۆژەیەکیان 100% کارەکانی تەواو کراوە، بەڵام تەنیا خزمەتگوزاری ماوە، ئەوەی تریشیان لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەک جێبەجێدەکرێت87% کارەکانی تەواوکراوە”.

پشتیوان عەبدوڵا وتیشی”بڕیاری سەرفکردنی پارە بۆ ئەو دوو پرۆژەیەی کفری دراوە، بەڵام بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانک وەبەرھێنەر ئامادەنیە دەست بەکارەکانی بکاتەوە”.

بڕیار بوو دوای تەواو بوونی، ئەو یەکانە بدرێت بە کەسانی کەمدەرامەت و کرێنشین بەشێوەی قیستی مانگانە و بەبێ پێشەکی، لە رابردوشدا دوو پرۆژە لە ناحیەی ڕزگاری و قەزای کەلار تەواو کراوە و بەسەر کرێنشینان دابەشکراوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی