تەنها ئەو سێ ماڵە ئەو کێشەیەیان هەیە

ئاوی سێ ماڵی چۆمان سوورهەڵگەڕاوە

964+

ئاسۆ وەرتی – چۆمان

ئاوی نیشتیمانیی سێ ماڵی گەڕەکی ئاشتیی سەلام لە قەزای چۆمان سوورهەڵگەڕاوە، بەڕێوەبەری ئاوی قەزاکە کێشەی ئاوی ئەو سێ ماڵە بۆ ئەو بۆرییە دەگەڕێنێتەوە، کە خۆیان ئاویان پێ ڕاکێشاوە و زۆر کۆنە.

تۆڕی 964 لەو گەڕەکە و چەند گەڕەکێکی تر بەدواداچوونی کردووە، بەڵام ئەو کێشەیەیان نەبووە.

ئەو سێ ماڵە، کە رەنگی ئاوەکەیان گۆڕیوە، بە یەک خەت لە بۆرییە گشتییەکەوە ئاویان راکێشاوە.

ئازاد مستفا، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چۆمان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: ئەو بۆرییەی ئاوەکەیان پێ راکێشاوە ئاسنە و زۆر کۆنە، ئەوەش هۆکاری گۆڕانی رەنگی ئاوەکەیانە.

وتیشی “نموونەی ئاوەکەمان وەرگرتووە و هیچ کێشەیەک لە ئاوە گشتییەکەدا نییە و دەبێت ئەو بۆرییەی ئەو سێ ماڵە ئاویان پێ راکێشاوە بگۆڕدرێت”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد