لە دهۆک

هەورە بروسکە گوندێکی بێ کارەبا کرد

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لە گوندی دۆدی سنووری ناحیەی دینارتە، هەورە بروسکە لە مۆلیدەی کارەبای گوندەکە دەدات و بێ کارەبایان دەکات.

رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 26.3.2023 روویداوە، هەورە بروسکەکە لە مۆلیدەی کارەبای گوندەکە و ماڵێکی گوندەکەی داوە و زیانی گیانی نەبووە، بەڵام هەرچی وایەری مۆلیدەی هاوبەشانی گوندەکە هەیە، سووتاندوویەتی.

لەو گوندە، سەرووی  90 ماڵی تێدایە، بە هەموویان 270 ئەمپێر کارەبایان لە مۆلیدەکە راکێشاوە.

دڵشاد غەریب، خاوەنی مۆلیدەکەیە و قسەی بۆ 964 کردووە و وەها رووداوەکە دەگێڕێتەوە، “کاتژمێر 1ـی دوای نیوەرۆ بوو، ئاسمان هەور و باران بوو، هەورە بروسەکەیەک لە ماڵی هاوڵاتیەکی دا کە تەنیا 200 مەترێک لە مۆلیدەکەی من دوور بوو، بەو هۆیەوە مۆلیدەکەی منیش پەکی کەوتووە و ئیش ناکات”.

خاوەنی مۆلیدەکە ئەوەش دەڵێت: هەموو وایەرەکان سووتاون، ئەوەش وادەکات کاتێک کارەبای نیشتمانی ببڕێت، ئەوا خەڵکەکە بێ کارەبا دەبن تا ئەو کاتەی مۆلیدەکە چاک دەکەمەوە و وایەرەکانیش دەگۆڕین.

گوندی دۆدی ژوورو، دەکەوێتە رۆژئاوای ناحیەی دینارتە بەدووری 15 کیلۆمەتر.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق