پرۆژەی مێتاڤێرس گەیشت بە چی؟

میدیازان – بڵند عوسمان – هەولێر

مێتاڤێرس پرۆژەیەکی کۆمپانیای مێتایە بۆ بە دیجیتاڵکردنی بوارەکانی ژیان، زیاتر لە ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت، هێشتا بە تەواوەتی نەخراوەتە بواری جێبەجێکردن.

مێتاڤێرس لە رێگەی بەرهەمهێنان ئامێری VR (دیمەنی راستی ئامێز) خزمەتگوزاری ژیانی دیجیتاڵی بە بەکارهێنەرانی دەدات.

بەکارهێنەر دەتوانێت کۆپییەکی دیجیتاڵی خۆیی هەبێت و لەو جیهانەدا پیاسە بکات، شتومەک بکڕێت و سەردانی هاوڕێکانی بکات.

بەپێی پرۆژەکە، لە هەندێک بارودۆخدا پرۆگرامەکە لەگەڵ ژیانی راستەقینە تێکەڵ دەبێتەوە، بۆ نمونە لە رێگەیەوە دەچیتە دوکانێک بۆ کڕین، دوای کڕینەکە بە دیلیڤەری بۆت دێتە ماڵەوە.

بە وتەی کۆمپانیای مێتا، ئێستا ئەو پڕۆژەیە، پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە، چونکە کۆمپانیاکە بە تەنیا پارەی تێدا خەرج دەکات و دەبێت جیهانێکی گەورەش بە قەبارەی جیهانەکەی خۆمان بە شێوەی دیجیتاڵی دروست بکات.

مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا، پێشتر باسی لەوە کردبوو، کە مێتاڤێرس داهاتووی ئینتەرنێتە.

مێتا کۆمپانیای کۆکەرەوەی فەیسبوک، ئینستاگرام و وەتسئەپیشە، لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ راگەیەندرا.

بە تەواوبوونی مێتاڤێرس چاوەڕێدەکرێت خەڵکێکی زۆر هەژماری تێدا دروستبکات، بەوپێیەی فەیسبووک لەناو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی زۆرترین بەکارهێنەری هەیە بە دوو ملیار و ٩٦٠ ملیۆن ئەندام.