پارێزگای سلێمانی. فۆتۆ/سۆشیاڵ میدیا
نزیکەی 85 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانیان کردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ماوەی 10 رۆژی مانگی ئاداردا، نزیکەی 85 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە، گەشتوگوزاری پارێزگاکەش دەڵێت، ئەگەری هەیە ئەو ژمارەیە بگاتە 100 هەزار گەشتیار.
ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، لە رێکەوتی 13.3.2023 تا 23.3.2023، واتە لەکاتی پشووەکانی نەورۆزدا، نزیکەی 85 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانیان کردووە.
زۆربەی گەشتیارەکان هاوڵاتیانی عێراقی بوون
زۆربەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی پارێزگای سلێمانیان کردووە، بەپلەی یەکەم هاوڵاتیانی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوون و بە پلەی دووەمیش هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی، لە هەمان وادەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 90 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە، “بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکەین ژمارەی گەشتیاران لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە 100 هەزار گەشتیار.”
ژمارەی گەشتیارانی هەولێریش لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 61 هەزار، بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر.