بۆ هەوڵپرسینی بووکەکەی چوو
بە چوار گولـلە خەزووری خوشکەکەی کوشت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی، پیاوێکی تەمەن 53 ساڵان بە تۆمەتی سووتاندنی بووکەکەی دەکوژرێت.
رووداوەکە کاتژمێر 9ـی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24/3/2023 لە گەڕەکی راپەڕین روویداوە، کاتێکی باوکی کورەکە دەچێتە ماڵی باوکی بووکەکەی، هەر لەگەڵ دەرگا کردنەوە چوار گولـلەی پێوە دەنێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.
ئەو پیاوەی کوژراوە، ناوی (ح. س.) بووە و تەمەنی 53 ساڵە و باوکی چوار منداڵە و لەلایەن برای بووکەکەی، کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، هۆکاری کوژرانی ئەو پیاوە بۆ سووتانی خوشکی بکوژ دەگەڕێتەوە کە دەکاتە هاوسەری کوڕی کەسی کوژراو.
ئەو ژنەی سووتاوە، ئێستا بۆ چارەسەر لە وڵاتی ئێرانە، بەڵام ماڵی باوکی کچە دەڵێن کچەکەیان نەسووتاوە بەڵکو سووتێنراوە.
دوای رووداوەکە، ھێزەکانی پۆلیس تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ روداوەکە کراوەتەوە.
پەیامنێری 964 زانیاری لەکەسوکاری کوژراوەکە وەرگرتووە دەڵێن، ماوەیەکە بووکەکەیان سوتاووە و ئێستا بۆ چارەسەر لەوڵاتی ئێرانە، بەڵام ماڵی کچەکە دەڵێن کچەکەیان سووتێندراوە.
پیداچوونەوە: فەرمان سادق