لە سەرەتادا سێ کارگە دروست دەکرێن

ناوچە پیشەسازییەکەی کفری زەوی بۆ دابینکرا

964+

هونەر فارس – کفری

298 دۆنم زەوی بۆ ناوچەی نوێی پیشەسازی بۆ قەزای کفری دیاریکرا. شارەوانیی قەزاکە دەڵێت؛ لە سەرەتادا سێ کارگە ئامادەی کارکردنن لە ناوچەکەدا.

زەوییەکە دەکەوێتە ملەکەوەی ناصاڵح لە شاری کفری، رووپێویی بۆ کراوە و ئامادەی بەکارهێنانە بۆ دروستکردنی کارگەکان لەسەری.

ئەو سێ کارگەیەی ئێستا ئامادەن کارگەکانیان لەوێ دروست بکەن ئەلەمنیۆم، خشتی سوور و جبسن بۆردن.

عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی کفری بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: لە ئێستادا قەبارەی سەرمایەی ناوچە پیشەسازییەکە و کارگەکان دیاریکراو نییە، چونکە چاوەڕوانی هاتنی زۆرترین کارگە دەکەین و چەند کارگەیەکی تریش بەڵێنیان داوە بێن.

دەشڵێت؛ ئەو ناوچە پیشەسازییە جوڵەیەکی گەورەی بازرگانی دەخاتە ئیدارەی گەرمیانەوە و نزیکەی 400 هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد