پارکی دارستانی بەردەڕەش
لە قەزای بەردەڕەش
پارکێک بە 12 هەزار درەختەوە ئامادەیە بۆ پێشوازی میوانەکان
964+
عەمار عەزیز -دهۆک
پارکی دارستانی بەردەڕەش، لەساڵی 2012-ەوە دەستکراوە بە دروستکردنی و 12هەزار درەختیشی لێچێنراوە، بۆ نەروروزی ئەمساڵ بەڕووی خەڵک کرایەوە.
ئەو پارکە گەورەترین پارکی بەردەڕەشە، دوو پارکی دیکەش لەسەنتەری شارەکەدا هەن، هەرسێکیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی دهۆکن.
وریا محەمەد، بەرپرسی هوبەی دارستان و پاوان لە قەزای بەردەڕەش بە 964-ی وت “پارکی دارستانی بەردەڕەش 12هەزار درەختی جۆراوجۆری لێچێنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 15 جۆری دارن هەن وەک داری کاژ، سەروو، زەیتون و تەسبیح، هیتر.. بەردەوامین لە چاندنی داری نوێ”.
وریا محەمەد دەشڵێت، دەمێکە پارکەکە تەواوبووە بەڵام ئەم ساڵ بەفەرمی بەڕووی خەڵک کراوەتەوە، لەهەردوو رۆژانی جەژنی نەوروز سەدان خێزان لەسنوری قەزای بەردەڕەش سەردانی پارکەکەیان کردووە، بۆ دوای مانگی رەمەزان بەرنامەیەکی تایبەتمان دەبێت بۆ کاتەکانی کردنەوەی پارکەکە.
بەپێی زانیاریەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاوان و ژینگەی بەردەڕەش، تا ئێستا دروستکردنی شەش توالێت لە پارکەکە تەواو نەکراوە، بەرپرسەکەی هۆبەی دارستان لە بەردەڕەش لایەنی بەرپرسی ئەو بەشەی پارکەکەی خستە ئەستۆی شارەوانی.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی