تورکیا شاری پیشەسازی و هێڵی شەمەندەفەر لە عێراق دروستدەکات

964+
پشکۆ مستەفا

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، وردەکاری ئەو پڕۆژەیەی نێوان تورکیا و عێراق ئاشکرا دەکات کە بە “پڕۆژەی گەشەپێدان” ناودێرکراوە.

زەهرە ئەلبەجاری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ 22.3.2023 وردەکاری ئەو پڕۆژەیەی ئاشکرا کرد.

زەهرە دەڵێت: پڕۆژەکە بەتەنیا هێڵی ئاسنین ناگرێتەوە، بەڵكو دروستکردنی چەندین شاری پیشەسازی و بازرگانی و شوێنی کاتبەسەربردن لەخۆدەگرێت بەدرێژایی رێگای پڕۆژەکە تا دەگاتە ناو خاکی تورکیا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەش دەڵێت، “پڕۆژەکە وا دەکات بەندەری فاو بگەیەنێت بە ئەوروپا کە لە رێگەی تورکیاوە دەبێت، بەو پێیەی بە چەند پارێزگایەکدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە سنووری تورکیا، پڕۆژەکە دەبێتە شادەمارێکی سەرەکی و سەرچاوەیەکی گرنگ لە دابینکردنی سەرچاوەی ئابوری بۆ عێراق”.

رۆژی 21.3.2023 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان چەند رێککەوتنێکی واژۆ کرد، لە نێویاندا پڕۆژەی گەشەپێدان راگەیەنرا بۆ بوارەکانی پیشەسازی و ئابوری.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی