هەڵەبجە بۆ رەمەزان حەوت بڕیاری نوێی دەرکرد
یەکێک لە بڕیارەکان قەدەغەکردنی سواڵکردنە لەو پارێزگایە
964+
فەهمی نەبی
قایمقامیەتی پارێزگای هەڵەبجە، حەوت بڕیاری نوێی بۆ مانگی رەمەزان دەرکرد، یەکێک لە خاڵەکان ئاماژە بۆ قەدەغەکردنی سواڵکردن دەکات و خاڵەکانی تر پەیوەندیدارن بە چاودێریکردنی بازاڕ، هاوکات بڕیاردراوە لە بازگەکان پشکنین بۆ خۆراك ئەنجام بدرێت.
سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ 22.3.2023 قایمقامی هەڵەبجە لەگەڵ نوێنەری هەریەکە لە شارەوانی، ئەوقاف، تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، چالاکی مەدەنی، هاتوچۆ، ڤێرتەرنەری و لێپرسراوی بازگەکان کۆبوونەتەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکردووە.
دەقی بڕیارەکان بەمجۆرەیە:
– ھێنانی خواردنی خراپ وە ساغکردنەوەی قەدەغەیە.
– لەبازگەکان پشکنین بۆ خۆراك ئەنجام دەدرێت.
– مزگەوتەکان لە رێگەی تیمی ئەوقاف و یەکێتی زانایان و تەندروستی ھۆشیاری تەندروستی بدەن بە مزگەوت و شوێنەگشتیەکان.
– لیژنە ھاوبەشەکان سەردان و پشکنینەکانیان زیاد بکەن بۆ ناوبازار، سەرتاشخانە، مەلەوانگە، چێشتخانە، نانەوا، کارگەی شیرەمەنیەکان، مزگەوتەکان.
– فرۆشیارەکان نرخ ھەڵبواسن ھەر کەسێك نرخ گران بکات یان سەرپێچی بکات رووبەڕوی سزای یاسایی دەبێتەوە.
– ھەر چێشتخانە و کافتریا و خواردنگەیەك مۆڵەتی کارکردنی وەرگرتووە لە قایمقامیەت دەبێت بەپێ ی ئەو مەرجانەبێت کە لیژنە ھاوبەشەکان دیاری کردوون بە پێچەوانەوە دادەخرێت.
– دیاردەی سواڵکردن یاخود پارە کۆکردنەوە لە مزگەوتەکان قەدەغەیە لەکاتی بوونی دیاردەی لەو جۆرە پەیوەندی بکەن بە ژمارە( 104 ) وە بۆ کۆرەك ( 500) Jcc.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، رۆژی پێنجشەممە 23.3.2023ی وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکردبوو.