پێنج کوورەی خەڵوز دروستکردن تێکدران
فەردە خەڵوزەکان دەخرێنە مەزادەوە
964+
فەهمی نەبی
پۆلیسی دارستانی سلێمانی تێکدانی پێنج کوورەی نایاسایی دروستکردنی خەڵوزی راگەیاند، پۆلیس دەڵێت دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو فەردە خەڵوزانەی لە کوورەکان بەرهەمهاتوون، بەبڕیاری دادوەر دەخرێنە مەزادەوە.
ئەو کەسانەی کوورەکانیان دروستکردوە، لە سروشتی ناوچەکە داریان بڕیوەتەوە و کردویانە بە خەڵوز، وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت بەشێک لە دارە بڕاوەکان تەمەنێکی زۆریان هەیە.
ئەو پێنج کوورەیە، لە گوندی کۆڵیتانی ناحیەی ناڵپارێز بووە لە سنوری قەزای پێنجوێن، لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێز تێکدراون.
بە وتەی پۆلیسی دارستانی سلێمانی هێشتا ئەو کەسانەی کوورەکانیان دروستکردوە دەستگیر نەکراون.
هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ژینگە و دارستانی سلێمانی بۆ 964 قسەیکرد، دەڵێت: ئەو کەسانەی ئەم کارەیان کردووە چەندین داریان لە سروشتی ئەو ناوچەیە بڕیوەتەوە و کردویانە بەخەڵوز.
هێمن کەمەرخان، ئەوەش دەڵێت “ئەو خەڵوزەی لە کاتی تێکدانی کوورەکان دەستی بەسەردادەگیرێت لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری فرۆشتنی دەردەچێت و دەخرێتە مەزادەوە دواتر پارەکەی دەگەڕێندرێتەوە گەنجینەی حکومەت”.
ناحیەی ناڵپارێز سەر بە قەزای پێنجوێنە لە پارێزگای سلێمانی، بنکەی پۆلیسی دارستان لەو ناحیەیە لەساڵی 2004 کراوەتەوە.