کوژراو و برینداریش هەیە
حەشدی شەعبی: ئەمریکا و سعودیە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانمان
فەرهاد حەسەن
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چەند بارەگایەکیان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق کەوتوونەتە بەر هێرشی “هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە” و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29.7.2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت “بەیانی ئەمڕۆ چەند بارەگایەکی فەرمیی دەستەی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، بەر شاڵاوێکی تیرۆریستیی غەدرئامێز کەوتوون، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودیەوە ئەنجامدراون.”
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چەکدار و برینداربوونی چەندانی دیکە، جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆر بەر باڵەخانە و موڵک و ماڵەکانی سەر بەو دەستەیە کەوتووە.
حەشدی شەعبی ئەو هێرشانە بە “پەرەسەندنێکی مەترسیدار” و “پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان وەسف دەکات.
حەشدی شەعبی دەڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن و پڕۆسەی ئامارکردنی زیانە گیانی و مادییەکانیش بەردەوامە، باس لەوەش دەکات، دوای تەواوبوونی زانیارییەکان و هەڵسەنگاندنی زیانەکان، وردەکاریی زیاتر و دوایین پێشهاتەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.