"خۆڵی گۆیژە کەمبووەتەوە و هەموو نەمامێک راناگرێت"

لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ئاگرەکەی گۆیژە پێکدەهێنرێت

رازاو محەمەد – سلێمانی

لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ئاگرەکەی شەوی رابردوو گۆیژە پێکدەهێنرێت و بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات، زیاتر هۆشیار بن و ئاگر لە شاخەکە نەکەنەوە.

ئاوارە ئەحمەد بەڕێوەبەری دارستان و پاوان بە 964ـی وت، “خۆڵی شاخی گۆیژە کەمبووەتەوە و زیاتر بووەتە بەردەڵان، بۆیە پێویستە لێکۆلێنەوە و توێژینەوە لەسەر ئەوە بکرێت کە ئاخۆ باشترە چ جۆرە نەمامێک لە شاخەکە بچێنین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی زەرەر و زیانەکانی ئاگرەکەی شەوی رابردوو پێکدەهێنن و لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ رای گشتی ئاشکرای دەکەن.

شاخی گۆیژە کە بە سییەکانی سلێمانی ناسراوە، هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا بەشێکی دەسووتێ و زیانی زۆری پێدەگات، ئەگەر رێوشوێنەكانی پاراستن و چاودێری بەهێزتر نەكرێن، مەترسییە ئاگرکەوتنەوە لە شاخەکە ببێتە دیاردە و زیانی زیاتر بە ژینگە و دارستانەكانی دەورووبەری سلێمانی بگەیەنێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری